لە تەویلەی ئاژەڵدا هەڵگیرابوو

ئاسایشی شارەزوور دەستی بەسەر كۆگایەكی خۆراكدا گرت

964+
كوردستان ئەحمەد
ئاسایشی شارەزوور دەستی بەسەر كۆگایەكی هەڵگرتنی خۆراكدا گرت، خۆراكەكە لە تەویلەی بەخێوكردنی ئاژەڵدا هەڵگیرابوو.

لە راگەیەنراوێكدا ئاسایشی شارەزوور دەڵێت، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنی زانیاری، هێزەکانی ئاسایشی شارەزوور توانیان رێگری بکەن لە ساغکردنەوەی بڕێکی زۆر لە خۆراکی ماوە بەسەرچوو.

كۆگاكە سێ تۆن خۆراكی تێدابووە لە جۆری برنج و رۆن و شەكر و دۆشاو بەشێوەی زۆر نەشیاو هەڵگیرابوو، خاوەنەكەی دەستگیركراوە و سەرجەم خۆراكەكەش لەناوبرا، ئاسایش وای نوسیوە.

لە گرتەڤیدیۆیەكدا كە ئاسایش بڵاویكردووەتەوە، دەردەكەوێت تەویلەیەكی كۆنە بە چینكۆ و دار سەری گیراوە هیچ مەرجێكی تەندروستی نییە، ئالیكی ئاژەڵ و گوێنی كۆنی دڕا و پاشەڕۆی ئاژەڵی تێدایە، ئەو خواردنانەش كە لەوێن سەریان دانەپۆشراوە و لە ناو گوێنی و تورەكە و تەنەكە و قتودا دانراوە.

شیر و نیسك ونۆك و گەنم و جۆ و برنج هەموو شتێك كەوتووە بەسەر یەكدا، خۆراكەكە بۆگەنی كردووە بەشێكی تەڕبووە و بەشێكی دیكەشی رەنگی رەشبووە.

دۆشاوی تەماتە لەناو سەتڵی ئاوی بەردەم ئاژەڵەكان دانراوە، كاو ئاو و شیاكەی ئاژەڵی پێوەیە، بەپێی گرتە ڤیدیۆكان بێت یەك خۆراكی شیاوی تێدا نییە.