ریال مه‌درید پاره بۆ ئێمباپێ قه‌رز ده‌كات
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
یانەی ریال مەدرید بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی فەڕەنسی له‌م هاوینه‌دا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌ریكی قه‌رزكردنی پاره‌یه.
گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، یاریزانەکەش بە فەرمی یانەکەی ئاگادار کردەوە ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێ بكاته‌وه.
بە گوێرەی زانیارییه‌كانی رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی، گرێبەستی گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا، ئەگەری هەیە بگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ، جگه له پاره‌ی دیكه.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ناکۆکی لە نێوان ریال مەدرید و ئێمباپێ لەسەر موچەی ساڵانە هەیە، بەو پێیەی یاریزانەکە دەیەوێت 50 ملیۆن یۆرۆ بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا یانەی شاهانە 40 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش دەکات.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، بە دڵنیاییەوە هەردوولا لەسەر موچە رێکدەکەون، چونکە تا ئێستاش داواكارییه‌كان له‌و سنوورەدایە، کە ریال مەدرید پێی گونجاوه.
“ئێمباپێ داوای 100 ملیۆن یۆرۆ وه‌ك پاداشتی گەورەی گرێبەستکردن دەکات، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو پارەیەی بۆ بکاتەوە، له جێهێشتنی پاریس لە دەستی دەدات، به تایبه‌تی ئەگەر لەم هاوینەدا پاریس جێبهێڵێت”، مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ وای نووسیوه.
به پێی زانیارییه‌كان ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید ئێمباپێ بگوازێته‌وه، پێویستی به 300 ملیۆن یۆرۆ ده‌بێت، بۆیە به پێی سه‌رچاوه‌كه ریال مەدرید داوای قەرزی لە سانتاندێر بانک کردووە، بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا ئێمباپێ بباته ریزه‌كانییه‌وه.