چوار تیپی یاریی بالە داوای یاریگەیەکی سادە دەکەن
+964
هەژین فەتاح
لە گوندی بەرگر ماوەی 15 ساڵە یاریی تۆپی بالە دەکرێت و وەک نەریتێکی لێهاتووە، بەڵام خەڵكی گوندەکە نه‌ك هۆڵ، یاریگەی كراوه‌شیان نییە.
گوندی بەرگر دەکەوێتە ناحیەی قەسروک لە قەزای شێخان، هەر لە کۆنەوە لەم گوندەدا یاریی تۆپی باله ده‌كرێت، ئێستاش چوار تیپی یارییه‌كه‌ی هه‌یه، کە هەر تیپێک 6 یاریزانی هه‌یه و ژمارەیان 24 وه‌رزشوانن، ئه‌وان رۆژانه بۆ ئه‌نجامدانی یاری كۆده‌بنه‌وه و یاریی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی گونده‌كه‌ش دێنه سه‌یری یارییه‌كان.
هه‌روه‌ها لەبەر بەناوبانگبوونی ئەم گوندە بە یاریی باله، وه‌رزشدۆستانی گوندەکانی دەوروبەریشیان دێنه ئه‌وێ و میوانداریی ده‌كرێن و به‌یه‌كه‌وه یاریی ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش تیپی گونده‌كانی بەرکچێ، بێتاسێی ژێری و بێتاسێی ژووری و گول گۆران.
حەجی مو‌سا، یەک لە سه‌رپه‌رشتیارانی تیپه‌كانی گوندی به‌رگره و بۆ 964 دەڵێت، “داواكارین یاریگه‌یەکی تایبەت بە یاریی باله بۆ گونده‌كه‌مان بێته دروستكردن، بۆ ئەوەی بەشداریی زیاترمان هەبیت و لە خوله‌كانیشدا بەشداربین، ئێمە پێشتر چەندین خولمان بۆ گەنجانی گونده‌كانی دەوروبەریش کردووه‌ته‌وه و له یاریكردنیش بەردەوامین”.
یاریی تۆپی باله خۆی له ناو هۆڵ ده‌كرێت و یاریگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵام وه‌رزشوانانی گوندی به‌رگر هیواخوازن یاریگه‌یه‌كی كراوه و ساده‌یان بۆ دروست بكرێت.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا