لە یەک هەفتەدا
300 حاڵەتی سکچوون لە سەیدسادق تۆمارکرا
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تیمێکی تەندروستی سامپڵی ئاوی خواردنەوەیان لە چەند گەڕەکێکی سەیدسادق وەرگرتووە، گومان دەکرێ ئاوی خواردنەوەی ماڵان لەگەڵ ئاوەڕۆدا تێکەڵ بووبێت.
ماوەیەک لەمەوبەر، بۆرییەک لە نزیک مزگەوتی گەڕەکی سەرای قەزای سەیدسادق شکابوو، دواتر حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمار کرا.
بە وتەی دانیشتوویەکی قەزای سەیدسادق بێت، “حاڵەتی سکچوون زۆرتر لە گەڕەکی سەرا تۆمارکراوە بەراورد بە گەڕەکەکانی بەرکێو، حەسار و شێخان، خەڵک گومان دەکەن کە هۆکارەکەی تێکەڵبوونی ئاو لەگەڵ ئاوەڕۆ بێت”.
بەرهەم حەسەن، دانیشتووی قەزای سەیدسادق ئەمڕۆ دووشەممە بۆ 964 وتی، “تیمە تەندروستییەکان سامپڵی ئاویان لە گەڕەکەکان وەرگرتووە، تا توندوتۆڵی قوفڵەکانی ئاو و گومانی تێکەڵابوونی لەگەڵ ئاوەڕۆ پشتڕاستبکەنەوە”.
مەڵبەندی تەندروستیی ئەسعەد بێرەشکەیی لە سەیدسادق دەڵێن، سامپڵی ئاو لە چەند گەڕەکێکی سیدسادق وەرگیراوە و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی کراوە، بە مەبەستی زانینی شیاوی و نەشیاویی خواردنەوە.
رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق بۆ 964 قسەی کرد، “بەردەوام تیمە تەندروستییەکان سامپڵی ئاویان لە گەڕەکەکان وەرگرتووە، دوو حاڵەتی شکان هەبووە کە گومانی تێکەڵبوونی لەسەر بووبێت، بەڵام لە قۆناغی چاککردنەوەدان”.
سۆراخی 964 دەریخست، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی چیدیکە بۆری ئاوی گەڕەکەکان نەشکێت، ئەوەش دوای ئەوەی شەقامەکان کۆنکرێت دەکرێن.
لە بارەی رێژەی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە لە قەزاکەدا، یوسف عەلی بەرێوبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتی حاجی مشیر لە سەیدسادق بە 964ی وت، “تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 300 حاڵەتی سکچوون و رشانەوەمان تۆمارکردووە”.
بەوتەی یوسف عەلی بێت، حاڵەتەکان ئاسایی بوون و سەرجەمیان توانراوە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت، کە زۆرینەیان منداڵان بوون.
حاڵەتی شکانی بۆری تازە نییە، ساڵی رابردووش حاڵەتێکی هاوشێوە لە قەزاکە تۆمار کراوە، بۆیە خەڵک دەڵێن سەرچاوەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوە بووە، ئەوکاتە بە 10 ملیۆن دینار بۆڕی ئاو و ئاوەڕۆکان گۆڕان و لە ئاوی خواردنەوە جیاکرانەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی