شارەزایانی کورد پشکنین بۆ یەكێك لە پێگە شوێنەوارییەكانی شانشینی ئەدیابین دەکەن - وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر
ناوچەیەكی ئاودێریی و بازرگانیی - پیشەسازیی بووە
شارەزایانی کورد پشکنین بۆ یەكێك لە پێگە شوێنەوارییەكانی شانشینی ئەدیابین دەکەن
شۆڕش قادری
لە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر، تیمێکی شوێنەوارناسیی کورد، پشکنین لە یەكێك لە پێگە شوێنەوارییەكانی شانشینی (ئەدیابین) دەکات کە ناوچەیەكی ئاودێریی و بازرگانیی – پیشەسازیی بووە و لە سەردەمی ئەشكانی تاوەكو كۆتایی سەردەمی عەباسی ژیان تیایدا بەردەوام بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر چەند وێنەیەکی شوێنەکەی داناوە و نووسیویەتی، بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی شوێنەواری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور و بەشی شوێنەواری زانكۆی سەلاحەدین کاری هەڵكۆڵین بۆ پێگەی شوێنەواریی حەزە (215) دەكات.
كاری هەڵكۆڵین لە حەزە پڕۆژەیەكی گرنگ و ناوازەیە كە بۆ یەكەمجار لە پارێزگای هەولێر بەشێوەیەكی زانستی ورد ئەنجام دەدرێت و لە پڕۆژەكەدا تەنیا تیمی نێوخۆیی و شوێنەوارناسانی كورد بەشدارن.
بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو پارچە شوێنەوارییانەی کە لەو شوێنە دۆزراونەتەوە لە هەرێمی كوردستان بە گشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی كەم وێنەن.
هەڵكۆڵینە شوێنەوارییەكە دەریخستووە حەزە پێشتر ناوچەیەكی ئاودێریی و بازرگانیی – پیشەسازیی بووە.
هەر بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی كاری هەڵكۆڵین لە سەردەمی ئەشكانی تاوەكو كۆتایی سەردەمی عەباسی ژیان لە نیشینگەی گەورەی حەزە بەردەوام بووە، حەزە یەكێكە لە پێگە شوێنەوارییەكانی شانشینی (ئەدیابین) و دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر.
پێشتریش لە گەڕەکی باغڵومنارەی هەولێر گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە دەوترێ مێژووەکەی بۆ سەدەی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین و سەردەمی شانشینی ئەدیابین دەگەڕێتەوە.