“رۆژانی جەژن 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دەدەین”

فەرمان سادق

وەزارەتی کارەبا رایگەیاند لە رۆژانی جەژن 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دەدرێت.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە گشتی لە کوردستان 3800 مێگاواتە، بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەر چوار رۆژی جەژندا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دەدرێت.

“هاوکات سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرهەمهێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە 24 کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن”. وەزارەتی کارەبا وادەڵێت.

ئەو 2800 مێگاواتە بەرهەمەی کارەبا، بڕی 42%ـی بۆ پارێزگای هەولێر تەرخانکراوە، هاوکات 28,8% بۆ سلێمانی، 24,5% بۆ دهۆک و 4,7%ـی بۆ گەرمیانە، لەگەڵ ئەمەشدا کاتژمێری کارەبا لە هەولێر کەمترە بەراورد بە سلێمانی و دهۆک.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە 964ـی وت، کێشەی غازی کۆرمۆر چارەسەر کراوە، لەکاتی دروستبوونی کێشەکەدا رۆژانە تەنیا 12 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشان دەدرا، ئەوەی ئێستاش راگەیەندراوە بۆ رۆژانی جەژن، ئەو بڕەیە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانین دابینی بکەین.

لەبارەی جیاوازی نێوان شارەکانیش کە لە هەولێر بڕی پێدانی کارەبا کەمترە بە سلێمانی و دهۆک، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەب ئەوەی روونکردەوە کە وەزارەتی کارەبا بە یەکسانی بڕی کارەبا بەسەر شارەکان دابەش دەکات، بەڵام گۆرانکاری لە وەرزەکان کاریگەری دروستدەکات.

دەشڵێت: لە وەرزی زستان کارەبای هەولێر دوو کاتژمێر زیاد دەکات بەراورد بە شارەکانی تر بەڵام لە هاویندا بەهۆی خواستی زۆر لەسەر کارە، ئەوا نیو کاتژمێر بەراورد بە سلێمانی و دهۆک کەم دەکات.