هەموو چاوەکان لەسەر سلێمانین

رۆژی یەکەم فڕۆکەو پەیامی گەرم، رۆژی دووەم زۆری لە هەگبەدا ماوە

964+

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر سلێمانی بوون، لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و لای خۆیشمان کۆمەڵێک سەرکردەی دیار کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پێکەوە قسە بکەن و پەیامەکانیشیان لە رێی میدیاوە بگەیەننە خەڵک، بۆنەکەش کۆڕبەندی ستراتیجی سلێمانی بوو.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی سەروکاری کۆڕبەندەکە دەکات، سێ رۆژ لەمەوبەر لەسەر پەیجەکەی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لەسەر شاخێکی بەرز لە ئاسۆ دەڕوانێت و لە کۆتایی ڤیدیۆکەش بە زمانی ئینگلیزی نوسرابوو (دیدگای جیاواز.. یەک تێڕوانین) بەوە دەستپێکردنی کۆڕبەندەکەی راگەیاندو ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ بەیانی 12.11.2026 لە هۆتێل شاری جوان کۆڕبەندەکە دەستی پێکرد، لە وتاری کردنەوەدا قوباد تاڵەبانی وتی ”سلێمانی شیاوترین شوێنە بۆ ئەم گفتوگۆیە، هەم لە رووی پێگە جوگرافیەکەیەوە هەم لە رووی ئەو کەلتورەی لێرەدا هەیەکە هەمیشە ئامادە بووە بۆ گفتوگۆ بۆ رەخنەگرتن و بۆ گوێگرتن لە بۆچوونەکان، لە هەمووشی گرنگتر بۆ رووبەرووبنووەوەی زوڵم و زۆرداری و نەهامەتی و غەدر”.

بەپێی راگەیەندراوی کۆڕبەندەکە 73 سەرکردەو کەسایەتی لە کوردستان و عێراق و جیهانەوە بەشدارن تێیدا، لەوانە:

– نزار ئامێدی ،سەرۆککۆماری عێراق.
– بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
– قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
– باسم خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق.
– خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق.
– عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا.
– گۆرگیس گێراپترایدیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان.
– وەزیری دەوڵەتی شانشینی هۆڵەندا.
– وەزیری پێشووی وەبەرهێنانی بەریتانیا.
– جەیمس هیپی، وەزیری پێشووی دەوڵەت لە بەریتانیا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان.

کۆڕبەندەکە چییە؟
لەسەر وێبسایتی فەرمی کۆڕبەندەکە ئاوها باسکراوە: دیداری ستراتیژیی سلێمانی (SSF) دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، ناحکومی و بێلایەنە بۆ گفتوگۆی ئاستبەرز سەبارەت بە داهاتووی ستراتیژیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا. دیداری ستراتیژیی سلێمانی ئەو سەرکردە و دامەزراوانە کۆدەکاتەوە کە بەرپرسن لە ئاراستەکردنی ئەم گۆڕانکارییانە. دیدارەکە سەرۆکی وڵاتان و حکومەتەکان، وەزیرەکان، دیپلۆماتکاران، بەرپرسانی باڵای ئەمنی، سەرکردەکانی بواری کار، وەبەرهێنەران و بیرمەندانی ستراتیژی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریکای باکوور و ئاسیاوە کۆدەکاتەوە.
بنکەی سەرەکیی ئەم دیدارە لە سلێمانییە، کە دەکەوێتە یەکتربڕی ستراتیژیی نێوان کەنداو، تورکیا و شام، بەمەش دیداری ستراتیژیی سلێمانی ژینگەیەک دەڕەخسێنێت کە تێیدا دیدگا ناوچەییەکان و ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان بەیەک دەگەن. هەروەها دەرفەتی بەشدارییەکی راستەوخۆ، هۆشیارانە و کاریگەر لە سەرووی جیاوازییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانەوە دەڕەخسێنێت.

رۆژی یەکەم، رۆژێکی گەرم و گوڕ
لە یەکەم دیداری رۆژی یەکەمدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی قسەیکرد، چاوی میدیاکان زیاتر لەسەر ئەم بەشە بوو، لە بارەی کێشەکانەوە وتی: ”ئەوەی لەپەرلەمان روویدا دەرگاکانی هەمووی داخست، قبوڵکراو نییە پەرلەمان ببێتە مەیدانی جەنگ و ئێمەش بڕیارمانداوە دان بەو پەرلەمانەدا نانێین”.
هەر لەسەر ئەم کێشە ناوخۆییانەی هەرێم پەیامی بۆ ئەمەریکا هەبوو وتی ”ئەگەر ئەمریکا یارمەتیمان نادات بۆ چارەسەر با لە دوورەوە تەماشا بکات، پەیاممان بۆ واشنتن و جیهان ئەوەیە لێگەڕێن خۆمان کێشەکانى خۆمان چارەسەر بکەین”.
هەر دوای ئەو ژەنەراڵ سێر نیک کارتەر، سوپاسالاری پێشووی بەریتانیاو عەلی باباجان و رێواز فایەق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان قسەیان هەبوو.
لە بانێڵەکانیشدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئاستی جیهان و داهاتووی جەنگ و تەکنەلۆژیاو سەرمایەو گەشەی ناوچەیی و هاوسەنگی ناوچەکە بوو.

رۆژی دووەم، رۆژی سەرۆک کۆمارو قوباد تاڵەبانی
لە رۆژی دووەمدا کە سبەینێ دەکات چەند گفتوگۆو پانێڵێک هەن، بەڵام چاوەکان زیاتر لەسەر دوو دانەیانن، یەکەمیان نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق قسەی دەبێت، لە دووەمیشیاندا گفتوگۆیەکە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، خەڵک چاویان لەسەر ئەوەیە ئاخۆ لەوەی دووەم قسەیەکی جیاواز دەکرێت لەسەر مەسەلەی ئایندەی حکومەتی هەرێم.
هەر سبەی بەپێی ئاجێندای راگەیەندراوی کۆڕبەندەکە، گۆرگیس گێراپترایدیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان، ئەدۆنیس گیۆرگادیس، وەزیری تەندروستیی یۆنان، ئۆلوسێگون ئۆباسانجۆ، سەرۆکی پێشووتری نایجیریا و سەرۆکی پێشووی یەکێتیی ئەفریقاو دەرباز کۆسرەت رەسوڵ قسەیان دەبێت، دوای ئەوەش چەند پانێڵێک هەن کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق قسەیان دەبێت.

دیدارەکە فڕۆکەی یۆنانی لەگەڵ خۆی هێنا
بەهۆی ئەم دیدارەوە ئەمڕۆ ئێوارە یەکەم فڕۆکەی یۆنانی لەسەر رێڕەوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لەنگەری گرت، فڕۆکەکە هەریەکە لە وەزیری دەرەوە و تەندروستی یۆنانی هەڵگرتبوو کە بۆ کۆڕبەندی ستراتیجی سلێمانی هاتوون.
ئەمە یەکەمجارە فڕۆکەیەکی وڵاتی یۆنان لە سلێمانی بنیشێتەوە و یەکەمجاریشە وەزیرێکی دەرەوەی وڵاتێکی ئەوروپی راستەوخۆ سەردانی سلێمانی بکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی دابەزێت.