هه‌ولێر

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ بواری غازی شل كار ده‌كه‌ن سه‌ردانی پارێزگا بكه‌ن

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

پارێزگای هەولێر له‌ ئاگادارینامه‌یه‌كدا، بانگهێشتی کۆمپانیاکانی بواری غازی شل LPG  دەکات و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

پارێزگای هەولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگەیاند، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری LPG (غازی شل) کار دەکەن، سەردانی پارێزگای هەولێر بکەن و لەگەڵ لیژنەی LPG لە بەشی میکانیک کۆببنەوە، بە مەبەستی وەرگرتنی رێنمایی و زانیارییە پێویستەکان.

هاوكات راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی پارێزگا بۆ گونجاندن و رێکخستنی کارەکانی LPG بەڕێوەچوو

ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، کۆبوونەوەکه‌ بە نوێنەرایەتی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ و بەرگریی شارستانی، هەروەها دەستەی ژینگە و چەند کۆمپانیایەکی تایبەتمەند بە بواری LPG بەسترا، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی رێکخستنی هەموو کار و چالاکییەکانی پەیوەست بە بواری غازی LPG و هاوئاهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا، بەمەبەستی رێکخستنی ئەم بوارە بەپێی رێنمایی و رێکارە پەیوەندیدارەکان.