گرێبەستی کۆمپانیای MRFـی ژینگەپارێزی نوێکرایەوە

750 کارمەندی کۆمپانیای MRF گیرفانیان بۆ جەژن گەرم بوو

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیایەکە، 750 کارمەند دوو موچەیان بەیەکەوە وەرگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.6.2023، گرێبەستی کۆمپانیای MRF کە کۆمپانیایەکی ژینگەپارێزییە، بۆ ماوەی سێ ساڵ گرێبەستەکەی نوێکرایەوە.

کۆمپانیایەکە، زبڵ و خاشاکی سنووری سێ قەزا کۆ دەکاتەوە، ئەوانیش قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان، بۆ ئەمەش 750 کارمەندی هەیە.

یەکێک لە مەرجەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەوەیە 55 هەزار حاویە و سەتڵی زبڵ بۆ ماڵەکان و کۆڵانەکانی گشتی لە سنووری هەرسێ قەزا بە دیاری دابەش بکات.

لە ماوەی رابردوودا لەسەر دواکەوتنی موچەکانیان، چەندینجار کارمەندانی کۆمپانیایەکە گردبوونەوەی ناڕایەتییان نیشاندا، ئەمەش وایکرد لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی موچەی دوو مانگی 750 کارمەند دابەشکرا.

کارمەندانی کۆمپانیایەکە موچەی سێ مانگ و 22 رۆژیان وەرنەگرتووە، بە وەرگرتنی ئەو دوو موچەیە، ئەوا موچەی مانگێک و 22 رۆژی ئەم مانگە هێشتا لەلای کۆمپانیایەکە دەمێنێتەوە.

مەسعود حاجی دلێر، بەڕێوبەری کۆمپانیای MRF بۆ 964ی وتی، هۆکاری دواکەوتنی موچەی کارمەندان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاش حەوت مانگ پارەی لە حکومەت وەرنەگرتبوو.

دەشڵێت: دوای گرێبەست کردنەوە دەستکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی سێ و چواری هەر 20 شارەوانی سنووری هەر سێ قەزایەکە.

لای خۆیەوە بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ـی وت، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە 55 هەزار حاویە و سەتڵی زبڵ بۆ ماڵەکان و کۆلانەکانی گشتی لە سنووری هەرسێ قەزا بە دیاری دابەش بکات لە ماوەی شەش مانگدا.

دەشڵێت: بەڵام لە گوندەکان ئەم حاویەکان دابەش ناکرێت و زبڵەکان کۆمپانیا خۆی کۆی دەکاتەوە.