گه‌ڕه‌كه‌كانى باشوورى هه‌ولێر به‌ داره‌كانى سیم و دەدۆنیا سه‌وز ده‌كرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاڕه‌ ته‌واوى گه‌ڕه‌كه‌كانى باشوورى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌ دوو جۆر دار سه‌وز بكرێن و له‌ ئێستاشدا ده‌ست به‌ چاندنى ئه‌و جۆره‌ دارانه‌ كراوه‌.

ئەمڕۆ 20.6.2023 هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ لە شەقامی هەولێر – مه‌خمور دەستیپێكردووه‌ و تیایدا هه‌شت هه‌زار دار لە جۆرەکانی “سیسم و دەدۆنیا” ده‌چێندرێت.

ئەندازیار رێبین ئه‌حمه‌د بەڕێوەبەری ئەندازەی پاڕکەکانی هەولێر به‌ 964ـى وت، پلانیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ ته‌واوى گه‌ڕه‌كه‌كانى باشوور پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌و جۆره‌ دارانه‌ بچێنن.

ئه‌و دوو جۆر داره‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆیان بۆ ژینگه‌ هه‌یه‌ رێبین ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت “دارى ده‌دۆنیا به‌رگه‌ى ئه‌وپه‌ڕى گه‌رما ده‌گرێت و تا كه‌شوهه‌وا گه‌رم بێت گه‌شه‌ى زیاتر ده‌كات، دارى سیسمیش تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و شوێنانه‌ى هه‌یه‌ كه‌ تۆز و خۆڵیان زیاتره‌ و تۆز و خۆڵ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت و دارێكی زیاتر ژینگه‌ دۆسته‌”.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌ندازه‌ى پاركه‌كانى هه‌ولێر، تا شه‌ش رۆژى تر چاندنى ئه‌و دارانه‌ له‌ شه‌قامى هه‌ولێر مه‌خمور كۆتایی دێت و راسته‌وخۆ دواى ئه‌وه‌ش ده‌ست به‌ چاندنى ئه‌و دارانه‌ له ‌گه‌ڕه‌كه‌كانى ژیان ، فه‌رمانبه‌ران و شادى ده‌كرێت”.