پار لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگرێکدا گیانیان بەخشى
ئەودووگەنجەی پێنجوێن ساڵی پار بەهۆی ئاگرەوە سوتان، کران بەشەهیدی هاوڵاتی
بڕوا مەجید_ پێنجوێن
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانێکی دەرکرد بۆ بە شەهید هەژمارکردنی دوو شەهیدەکەى ژینگەى پێنجوێن و بڕیارەکەش ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ جێبەجێکردن.
ساڵى رابردوو، لەکاتى کوژاندنەوەى ئاگرێک لە گوندى هەڵاڵاواى سنوورى پێنجوێن، هەردوو خۆبەخشى رێکخراوى ملەکەوە (بێستوون عەبدوڵا و ئالان یوسف)ن سووتان و دواى چەندین رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانیان بەخشى.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ژمارە (1588)ـی پێدراوە، بڕیاردراوە حاڵەتی گیانلەدەستدانی هەردوو هاوڵاتی (بێستون عەبدوڵا حوسێن) و (ئالان یوسف ئەحمەد) بە “شەهیدی هاووڵاتی” هەژمار بکرێت.
لەسەر ئەو بابەتە عەدنان کەکەڕەش، قائیمقامى پێنجوێن بە 964ـى وت،”پێشتر وەک قائیمقامى پێنجوێن نوسراومان کرد و داوامان کرد ئەو دوو هاوڵاتییە بە شەهید هەژمار بکرێن، سەرەنجامە ئەمڕۆ بە نوسراوى فەرمى ئاگادارکراینەوە کە وەک شەهیدى هاوڵاتى هەژمارکراون”.
فەرمانەکە لە رێکەوتی 2.6.2024 دەرچووە و تیایدا هاتووە کە بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح