"پێویستە لەناو سەربڕخانانەکان بێت"

تەندروستی هەولێر 9 رێنمایی بە هاوڵاتیان دەدات بۆ سەربڕینی ئاژەڵ

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان و پرسی سەربڕینی ئاژەڵ، هۆشدارییەکان لەلایەن تەندروستییەوە بۆ خۆپارێزی لە پەتای تای خوێنبەربوون زیاتر بووە.

ئەمڕۆ شەممە 18.6.2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر نۆ خاڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەو رێنماییانە بە پەسند زانراوە.

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو سەربڕخانانە رێگەپێدراوەکان بێت و پزیشکی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەکات.

2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا و کەوڵکردن، یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەیدا پۆشینی جلوبەرگی خۆپارێزی وەك (دەستکێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك، ماسکی دەموچاو) پێویستە لەبەربکرێن.

3- نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆ ببنەوە لەچواردەوری سەربڕەکە (قەساب) و نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەدا.

4- بەبێ دەستکێش مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچە پارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەکردنی تایبەت بەگۆشت و شتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە مادەی کلۆریین (بلیچ- موعجیزە) روونکراوە.

8- باشتروايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى نيو كاتژمێر لە پلەى (4 – 8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنريت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو، باشتر وايە نەيكڕيت يان سەری نەبڕیت بۆ دووربوون لە نەخۆشى تاى خوينبەربوون، ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤیش، بەهۆی گەنە و مێرووەکانی کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین، بەهۆی خوێن و گۆشتی ئاژەڵەکەوە دەگوازرێتەوە.