600 ملیۆن دینار تەرخاندەكەن
وەزارەتی كشتوكاڵ رووبەڕووی سن و كولە دەبێتەوە
+964
كوردستان ئەحمەد
یەكێك لە گرفتەكانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا سن و كولەیە و وەزارەتی كشتوكاڵی دەڵێت رووبەروویان دەبینەوە.
سێ ساڵە سن و كولە لە هەرێمی كوردستاندا زیانێكی گەورە بەر كشتوكاڵی دێم و بەراو دەگەیەنێت، ئەمەش جوتیارانی هەراسانكردووە.
ساڵی پار سن و كولە لە شارەزور زیانی بە گەنم و جۆ گەیاند، لە پێنجوێن، تەرز و گوڵی شوتی و كاڵەكەكەی دەخوارد و خەیارە گوڵبەدەمەكانی لەكەدار دەكرت، لە دەشتی زەڵێش لە شارباژێر زیانی بە سەدان دۆنم زەوی چێنراوی بە كاڵەك و شوتی دێم گەیاند، تەرز و گەلا تازە پێگەیشتوەكەی دەخوارد.
كولە، گەڵا و گوڵی ناسك و سەرپەلەكان دەخوات، ئەمەش رێگری لە گەشەی رووەك دەكات ناهێڵێت رۆشنەپێكهاتن بكات و گەشەبكات و تەرز لێبدات، لە گەنمیشدا ئەو دەنگە گەنمە ناسكەی كە پێنەگەیشتووە بە تەواوەتی و ئەو لاسك و گەلا باریكەدەخوات كە گوڵە گەنمەكە هەڵدەگرێت.
هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە 964ی راگەیاند، “بۆ ساڵی نوێ بڕیارمانداوە 500 هەزار تۆن دەرمانی دژە سن و كولە بەسەر جوتیارانی هەرێمی كوردستاندا دابەشبكەین”.
ساڵی پار وەزارەتی دارای 407 ملیۆن دیناری بۆ قەڵاچۆكردنی سن و كولە تەرخانكرد، ئەمساڵ دەیانەوێت ئەو بڕە پارەیە بۆ 600 ملیۆن دینار بەرزبكەنەوە.
ئەو پارەیە كە تەرخاندەكرێت، بەسەر سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵدا لە هەرێمی كوردستاندا دابەشدەكرێت و دەرمانی پێدەكڕدرێت و دەدرێت بە جوتیارەكان.
كولە مێرویەكی چوار پێیە، بەرگێكی شوشەیی هەیە، هەندێك جۆریان دەفڕن و هەندێك جۆریان تەنها دەتوانن بڕۆن، ورد و گەورە و مامناوەندیان هەیە، زۆربەیان رەنگیان خاكییە، بەڵام سەوز و سورباویشیان هەیە، هەرچی سنیشە، قەبارەیەكی بچوك و شەش قاچ و دەمێكی وردی تیژی هەیە، باڵی هەیە، بەڵام توانای فڕینی نییە بۆ شوێنێكی دوور.