سبەی 80 تراکتۆر بێبەرامبەر دەدرێنە جووتیارانی هەڵەبجە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سبەینێوە لە 13 گوند و ناحیەی پارێزگای هەڵەبجە، 80 تراکتۆری بچووکی باخداری بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێن.
تراکتۆرەکان لەلایەن رێکخراوی ئەڵمانی GIZ دابینکراون و تەنیا دەدرێت بەو جووتیارانەی کە باخیان هەیە و رووبەری باخەکانیان لە سێ دۆنم کەمتر نییە.
ستار محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، رۆژانە فریای نزیکەی حەوت گوند دەکەوین بۆ ئەوەی تراکتۆرەکانیان بدەینێ.
تراکتۆرەکان بە شێوەی تیروپشک دابەشدەکرێن.
کشتوکاڵی هەڵەبجە وێنەی تراکتۆرەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئاگاداری ئەنجومەنی ئەو گوندانەی سنووری ناحیەی خورماڵ و ناحیەی سیروان دەکەن، بێن تراکتۆرەکانیان وەربگرن.
بڕیارەکە جووتیارانی ئەم شوێنانە دەگرێتەوە: ناحیەی خورماڵ، ناحیەی سیروان، خورماڵ خۆی، کوڵکنی حەمە سوور، ئاوایی حەمەی مرواری، لەمەرکەزی، تازەدێ، گردی گۆ، تەکیە، تەپەگوڵاوی، شیرەمەڕ، خاکوخۆڵ، تەپە تۆڵکە.
پێشتریش، لە کۆمەڵگای باگێرا لە سنووری ناحیەی زاویتەی دهۆک، 78 تراکتۆری بچووکی بەسەر جووتیارانی دەڤەرەکە دابەشکران لە لایەن رێکخراوی GIZی ئەڵمانییەوە.