دیمەنی دەرەوەی بینای فەرمانگەی کارتی نیشتمانی پێنجوێن
لە رۆژی یەکشەممەوە گۆڕانکاری لە کاتی دەوامی فەرمانگەکەدا دەکرێت
پێنجوێن؛ وەرگرتنەوەی کارتی نیشتیمانی تەنیا لە بەیانیاندا دەبێت
ژێوار خدر
لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، وەرگرتنەوەی کارتی نیشتیمانی لە قەزای پێنجوێن تەنیا لە کاتی دەوامی بەیانیاندا دەبێت و چیتر لە دوای نیوەڕوان کارت نادرێتەوە، فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیی شارەکەش دەڵێت “بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانتان دوای نیوەروان سەردان مەکەن”.
فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی پێنجوێن ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، گۆڕانکاری لە کاتی پێدانەوەی کارتەکان بە هاوڵاتییان کردووە، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە رۆژی یەکشەممەوە پڕۆسەی پێدانەوەی کارتی نیشتیمانی تەنیا دەخرێتە ناو دەوامی بەیانیان و لەو کاتەوە بۆ لەمەودوا لە کاتی ئێواراندا ئەو کارە ئەنجام نادرێت.
ئەم بڕیارە بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی ناو فەرمانگەکەیە و داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پێنجوێن دەکرێت بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان تەنیا لە کاتژمێرەکانی بەیانیاندا سەردانیان بکەن، فەرمانگەکە جەخت دەکاتەوە کە پابەندبن بەو کاتانەی دیاریکراون بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگ و ماندووبوونێک بۆ هاوڵاتییان دروست نەبێت.