وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی - وێنە: وەزارەتی کار و راوباری کۆمەڵایەتی لە فەیسبووک
پێش کۆتایی ئەمساڵ دەبێت
کۆنگرەیەکی نیشتیمانی تایبەت بە پاراستنی منداڵ رێکدەخرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی نیشتیمانی تایبەت بە پاراستنی منداڵ رێکدەخرێت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پێیهەڵدەستێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11.6.2023 سێیەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای تایبەت بە پاراستنی منداڵ لە وەزارەتەکە بەڕێوەچووە و بڕیاری بەستنی ئەو کۆنگرەیە دراوە.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم دەیەوێت کۆنگرەکە پێش کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، “لە ماوەی یەك هەفتەدا تەوەرەكانی كۆنگرە دەستنیشان دەكرێت و ئەو مامۆستایانەی لە زانكۆكانن و پسپۆڕی بوارەكەن دەستنیشان دەكرێن بۆ ئامادەکردنی توێژینەوە”.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کە دەست 964 کەوتووە، 1213 منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و 500 لەوانە منداڵی ناوخۆن و ئەوانی تر هی دەرەوەی هەرێمن.
“هەفتەی داهاتوو لیژنەیەك دەستنیشان دەكرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو مامۆستایانەی كە توێژینەوەكەیان دەنووسن و دواتر دەنێردرێت بۆ لایەنی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوەكانیان”، راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وادەڵێت.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، “هەر مامۆستایەک دەیەوێت بەشداربێت خۆی راستەوخۆ دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنەکەوە بکات”.