کارەبای سلێمانی: دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی چاکسازی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کارەبای سلێمانی دەڵێت: دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دۆخی کارەبای شارەکە دوای ئەوەی لە 22ـی مانگی رابردوو، کاتژمێری پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهۆی چاکسازی لەلایەن کۆمپانیای داناغاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، کەمی کردبوو، ئێستا “دۆخەکە ئاسایی” بووەتەوە.

“بە کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناگاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، بەشێكی زۆری توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەڕایەوە”. بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی وادەڵێت، ئەوەشدەخاتەڕوو کە بڕیارە قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە تا رۆژی 16ـی ئەم مانگە تەواو ببێت و دۆخی کارەبا بە تەواوەتی ئاسایی ببێتەوە و بڕی بەرهەمهێنان بگاتە 4,200 مێگاوات.

کۆمپانیای داناگاز لە رۆژی 22ـی ئایاری رابردوو، دەستی بە پڕۆسەی ساڵانەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا 1000 مێگاوات کەم بووەوە.

کۆمپانیاکە رۆژانە 150 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات.