"بەتانییەکەی پیاداوە"

تەرمی گەنجە خنکاوەکە لە رووباری سیروان دۆزرایەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

پەیامنێری 964 لە گەرمیان رایگەیاند، تەرمی محەمەد عەبدولڕەحمان، گەنجە خنکاوەکەی کەلار دۆزرایەوە کە ماوەی شەش رۆژ بوو لە رووباری سیروان خنکاوە.

بەگوێرەی سۆراغی 964، کەسێک تەلەفۆنی بۆ تیمەکان بەرگری شارستانی کردووە و وتوویەتی تەرمەکە دۆزیوەتەوە و بەتانییەکەی پیاداوە.

ئێوارەی رۆژی شەممە 13.9.2026، محەمەد عەبدولڕەحمانی تەمەن 30 ساڵ، لە ناو رووباری سیروان لە سنووری قەزای کەلار خنکا، سەرەڕای بەردەوامیی گەڕانی تیمەکان بەڵام تەرمەکەی تا ئەم ئێوارەیە نەدۆزرایەوە.

پێشتر، باوکی محەمەد، کە لە کاتی کارەساتەکەدا لەگەڵ کوڕەکەی بووە، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە چیرۆکی ساتی خنکانی کوڕەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی،  15 جار تەلەفۆنی بۆ کردم و پێداگریی کرد تا بچم بۆ لای، کە چووم و ویستمان لە ئاوەکە بپەڕینەوە، ئەو خەمی منی بوو کە شتێکم لێ نەیەت، بەڵام لەپڕ خۆی دوو جار چووە خوارەوەی ئاوەکە و ئیتر نەهاتەوە سەرەوە.

وەک باوکی ئاماژەی پێ کرد، محەمەد مەلەوانێکی باش بووە و پێشتریش چەندین جار لەو ناوچەیە مەلەی کردووە و لە ئاوەکە پەڕیوەتەوە، بەڵام قەدەر وابووە ئەمجارە هەر لەوێدا بخنکێت.