"ئێمەیش پێویستمان بە ئیسراحەتە"
بۆ لەمەودوا شەوان لە بازیان بەتەمای قژچاکردن مەبن؛ سەرتاشخانەکان داخراون
عەزیز عەبدوڵا – بازیان
بۆ لەمەودوا شەوان لە بازیان بەتەمای قژچاکردن مەبن، سەرتاشخانەکان داخراون و بڕیارەکەش بەکۆی دەنگی زیاتر لە 70 سەرتاشخانە و بە چاودێری لایەنی ئەمنیی جێبەجێ کراوە.
جاران لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا کاتژمێر 12ـی شەو سەرتاشخانەکان کراوە بوون، بەڵام ئێستا تا کاتژمێر 6ـی ئێوارە ئیش دەکەن.
کارزان محەمەد نوێنەری سەرتاشخانەکانی بازیان بە 964ـی وت،”ئێمەش وەک هەموو چینێکی کۆمەڵگا پێویستمان بە ئیسراحەت هەیە و حەقی خۆمانە شەوان لەناو ماڵ و منداڵی خۆماندا بین”.
“زیاتر لە 70 دەلاک کۆبووینەوە و چووینە لای قایمقامیەت، ئەویش بەڵێنی پشتیوانی پێداین و بڕیارەکە جێبەجێ کرا”، کارزان محەمەد وای وت.
جگە لە سەنتەری قەزای بازیان، بڕیارەکە سەرجەم ناحیەکانیشی دەگرێتەوە و هەر سەرتاشخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێ و شەوان دوکانەکەی بکاتەوە، بۆ هەفتەیەک دوکانەکەی دادەخرێ و 100 هەزار دیناریش سزای دارایی دەدرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری