25 توشبووی هەوكردنی پەردەی مێشك لە نەخۆشخانەی كەلارن


كوردستان ئەحمەد
تەندروستی گەرمیان دەڵێت، ئەنجامی پشكنینەكانی ئەو كەسانەی كە گومانی هەوكردنی پەردەی مێشكیان هەبوو لە بەغدا و ئیمارات یەك ئەنجامیان هەیە.

لە تاقیگەکانی تەندروستی كەلار تائێستا 289 پشکنینی حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک بۆ مناڵان ئەنجامدراون و سەرجەمیان توشبووی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشكن، بەڵام زۆربەیان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە،.

دكتۆر حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەلار بە 964ی وت، ئێستا لە نەخۆشخانەكانی كەلار 64 نەخۆش هەیە كە 25یان بە تەواوەتی توشی نەخۆشیەكەبوون و ئەوانی دیكە گومانیان لەسەرە .

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بە هاوکاری چەند پسپۆڕێک دەستی بە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ حاڵەتە گومانلێکراوەکان کرد بە دەرهێنانی شلە لە پشتی مناڵەکان.

هاوکات هەمان نموونەی پشکنین بۆ تاقیگەی ناوەندیی بەغدا و لەوێشەوە بۆ تاقیگەکانی وڵاتی ئیمارات نێردران، دوای دەرچوونی دەرەنجامی پشکنینەکانی ئەو دوو لایەنەش، دەرکەوت دەرەنجامی پشکنینەکان هەمان ئەو دەرەنجامە بوون کە لە تاقیگەکانی تەندروستی گەرمیان ئاشکرا کرابوون.