بەنداوەکانی هەرێم فریای عێراق دەکەون
هەرێم و بەغدا پلانی بەردانەوەی ئاویان داڕشت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم رێککەوتن، “بە مەرجێک هاوسەنگی لە بەردانەوە و یەدەگی ئاوی بەنداوەکاندا بکرێت”.
دوێنێ سێشەممە 30.5.2023 وەفدی باڵای تەکنیکی حکومەتی فیدڕاڵی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق سەردانی هەرێمیان کرد و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ داڕشتنی پلان و هەماهەنگی حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا بوو بۆ ئیدارەدانی ئەو ئاوەی لە بەنداوەکانی هەرێمدا هەیە.
عەبدولڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، ساڵانە ئەو پلانە دادەڕێژرێت و ئەمساڵیش بە راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان بەردانەوەی ئاو و هێشتنەوەی یەدەگ لە بەنداوەکاندا ئەو هەماهەنگییە کرا.
وتیشی، “عێراق بە ساڵێکی سەختی کەمئاویدا تێدەپەڕێت و هەرێم هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی بەشێکی ئەو قەیرانەیان”.
بەنداوی دەربەندیخان جگە لە شار و شارۆچکەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هەریەکە لە ناوچەکانی جەلەولا، بەشێکی خانەقین، سەعدییە و دیالەی لەسەرە.
بەنداوی دوکانیش جگە لە سلێمانی، هەریەکە ناوچەکانی کەرکوک، حەویجە، لە دوز، تازە و داقوقی لەسەرە.
“لە دانیشتنەکەدا رێکار و میکانیزم بۆ ئاوی خواردنەوە، باخداری و بەرهەمهێنانی کارەبا گیرایەبەر”، عەبدولڕەحمان خانی وای وت.