زانیاری نوێ
هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ی كۆرمۆر ده‌درێت
كاروان ساڵحی
سەرچاوەیەکی تایبەت به تۆڕی 964ی راگه‌یاند، هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆر ده‌درێت، كه ئه‌مشه‌و هێرشی كرایه‌سه‌ر.
سه‌رچاوه‌كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت و ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ هێرشه‌كه دەستبەجێ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و کارمەندەکان براونه‌ته پەناگه‌ی کۆنکریتی.
وتیشی، ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵکردندایە و هێشتا دڵنیایی نییه له‌وه‌ی هێرشه‌كه به موشه‌ك یان درۆن بووه، چەند پارچەیەک له پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه هەڵگیراوەتەوە، كه زیاتر پێده‌چێت درۆن بێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی 964 ئه‌وه‌شی وت، كاركردنی کێڵگەکە کوژێندراوەتەوە و بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بە کاتی راگیراوە، هەرکاتیش ئاگره‌كه كوژێندرایه‌وه سەیری بۆرییه‌كان دەکرێت، ئه‌گەر بزاندرێت زیانەکان زۆرن ئەوە رادەوەستێت، تاکو چارەسەر دەكرێت، ئەگەر کەمیش بێت ئەوە دەکەوێتەوە کار.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكرای كرد، بەشی بارکردنی غازی LPG کراوەتە ئامانج، کە رۆژانە 1500 تۆن غازی ماڵانی لێ بار دەکرێت، 172 تەنکەری گواستنەوەی غاز کار لەو بەشە دەکه‌ن، بەردەوام چوار تەنکەر دەچێتە بەردەم شەمعەی بارکردنی غاز.
له دوای هێرشه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاره‌با و سامانه سروشتییه‌كان راگه‌یاندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێن، كاتژمێر 11:00ی ئەمشەو لە كردەوەیەكی تیرۆرستیدا كێڵگەی كۆرمۆر هێرشی كرایە سەر، هەردوو وەزارەتیش لە هەوڵدان هێرشەكه كەمترین كاریگەریی لەسەر كاتەكانی پێدانی كارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی كارەبا و بە زووترین كات بارودۆخی كارەبا ئاسایی بێتەوە.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا