دوو مانگ دەمێننەوە
تیمێکی پزیشکی میسری لە کۆڵان بە کۆڵانی کوردستان نەخۆش چارەسەر دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تیمێکی پزیشکی وڵاتی میسر سەردانی ناحیەی پیرەمەگروون و ناحیەی عەربەتیان کرد، لەوێ چارەسەریان سەدان نەخۆشیان کردووە.
تیمەکەی میسر پێکهاتوون لە پزیشکی چارەسەری سروشتی، هەناوی، شێرپەنجە، ددان، منداڵان و نەخۆشییەکانی چاو، پێشتر سەردانی هەڵەبجیان کردبوو.
ئەم تیمە بەشێکی زۆر لە پێداویستی پزیشکییان پێیە و بڕیارە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بمێننەوە و سەردانی چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی بکەن.
قایمقامیەتی قەزای دوکان، رۆژی دووشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، پزیشکە میسرییەکان لە نەخۆشخانەی گشتی پیرەمەگروون زیاتر لە 700 نەخۆشیان بینی و لە پسپۆڕی و تایبەتمەندی خۆییان چارەسەری پێویستیان پێشکەش کردن.
تیمەکە لەسەر داوای سیروان سەرحد، قایمقامی دوکان چوونەتە قەزاکە و قەشەیەکیشیان لەگەڵدایە بەناوی “بابە شنودە”.
دوای پیرەمەگرون، تیمەکە سەردانی ناحیەی عەربەتیشی کردووە.
تیمەکە لەلایەن رێکخراوی “نور العالم” سەرپەرشتی دەکرێت، پزیشکەکان میسرین و لە ھەریەک لە پسۆرییەکان (چاو، ددان، چارەسەری سروشتی، منداڵبوون و پزیشکی گشتی) پێکھاتوون، بڕیاروایە ماوەی دوو مانگ بمێننەوە.
خلود حەداد، بەرێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رێکخراوی “نور العالم” بە 964ی وت، دکتۆرەکان لەگەڵ چارەسەری پزیشکی رێنمایی دەروونیش پێشکەش دەکەن، ھاوکات چاویلکە و دەرمانی پزیشکی و سروشتی کە لە میسرەوە ھێنراوە دەدرێتە نەخۆشەکان.
ئەوەشی وت، بڕیارە سەردانی ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین، ئەگەر ھەر ھاوڵاتییەک دەیەوێت سەردانمان بکات لە رێگەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ناوچەکەی دەزانێت چی رۆژێک لەلایان دەبین.
تیمەکە سبەی سێشەممە بڕیارە بچنە رانیە، ئەم رێکخراوە جیاواز لەخەڵکی خۆجێی ناوچەکان، یارمەتی و ھاوکاری پێشکەش بە پێکھاتە جیاوازەکان و کەمپی ئاوارەکانیش دەكات.
پێداچونەوە:كوردستان ئەحمەد