کرێکارێک لە کاتى کارکردندا _وێنە: Hangaw NGO
وەزارەتى دارایى: نابێت کەمترین موچەى خانەنشینى کرێکاران لە 500 هەزار دینار کەمتر بێت
وریا فەتاح
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان مژدەیەک دەداتە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت و بڕیاریدا کەمترین مووچەی خانەنشینییان لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت، هاوکات مەرجەکانی پێدانی ئەو مووچەیەی دیاری کرد.
بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە (6)ـی ساڵی 2026، کە واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیار دراوە: “کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دیناری عێراقی دیاری دەکرێت”.
لە بڕگەی دووەمی رێنماییەکەدا، بەپێی یاساکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەو کەسانە دیاری کراون کە ئەم مووچەیە دەیانگرێتەوە و مافی خانەنشینبوونیان هەیە، کە بەم شێوەیەی خوارەوەن:
یەکەم: بەپێی تەمەن و خزمەت
ئەگەر پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ژن تەمەنی 55 ساڵی تەواو کردبێت، بە مەرجێک لانی کەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت لە کەرتی تایبەت.
ئەگەر پیاو لانی کەم 30 ساڵ و ژن 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت.
دووەم: بەهۆی نەخۆشی و پێکانەوە
ئەو کرێکارانەی بەهۆی پیشەکەیانەوە بە رێژەی 100% تووشی نەخۆشی دەبن (بەپێی راپۆرتی پزیشکی).
ئەو کرێکارانەی بەهۆی رووداوی کارەوە تووشی پەککەوتەیی تەواو دەبن، یان گیان لەدەست دەدەن.
سێیەم: لە کاتی گیانلەدەستداندا
ئەگەر کرێکارێک لە ماوەی خزمەتەکەیدا (کە ناوی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کرابێت) گیان لەدەست بدات، ئەوا جێماوەکانی (میراتگرەکانی) شایستەی تەواوی مووچەی خانەنشینییەکە دەبن.