لەسەر داگرتنی ئاڵای عێراق
یەکێتی تۆپی پێی عێراق هاندەرێکی زاخۆ سزا دەدات؛ سزاکەی هەتا هەتاییە
هەژان هادی
لیژنەی ئینزیباتی یەکێتی تۆپی پێی عێراق هاندەرێک زاخۆ سزا دەدات بەهۆی ئەوەی لە یارییەکدا ئاڵای عێراقی داگرتووە.
لیژنەی ئینزیبات لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا (سەرکار خالید وەلید) هاندەری یانەی زاخۆ بۆ هەتا هەتایە رێگەی پێنەدرێت بچێتە یاریگاکانی عێراق بۆ بینینی یاریی یانەکان، بەهۆی ئەوەی لە یاری نێوان زاخۆ و قوە جەویە، ئاڵای عێراقی داگرتووە.
لە راگەیەندراوەکەی لیژنەکەدا هاتووە، کە پێشتر ئەو هاندەرە لەلایەن یانەی زاخۆوە ئیجرائاتی لەگەڵ کراوە و بڕیاریانداوە لە داهاتوودا لە یاری و چالاکییەکانی یانەکە بێبەشی بکەن، بەڵام لەهەمانکاتدا ئەو رێکارانەی یانەکە گرتبوونیە بەر، رێگر نین لەوەی لیژنەکە سزایەکی دیکە بەسەر هاندەرەکەدا بسەپێنێن، چونکە کارەکەی وەک “بێڕێزیکردن بەرامبەر ئاڵای عێراق” لێکدراوەتەوە.