ئەمڕۆ ساڵیادی بوونی بە پارێزگا بوو

دهۆک 54 ساڵە پارێزگایە و فڕۆکەخانەی نییە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

دهۆک یادی 54 ساڵەی بوونی بە پارێزگا کردەوە، بەڵام هێشتا فڕۆکەخانەی نییە ئەگەرچی 11 ساڵە بەردی بناغەی دانراوە.

ئەمڕۆ شەممە 54 ساڵ بەسەر بوون بە پارێزگای دهۆک تێدەپەڕێت، لە هەمانکاتدا 11 ساڵە بەردی بناغەی فڕۆکەخانەکەی دانراوە و هێشتا هیچ فڕۆکەیەک لەوێدا نەفڕیوە.

دهۆک کە تاوەکو ساڵی 1969 قەزایەک بوو سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە 27.5.1969 بە فەرمی کرایە پارێزگا و جیاکرایەوە لە پارێزگای نەینەوا.

ساڵی 2012، لە سنووری قەزای سێمێل بەردی بناغەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆک دانرا و گوژمەی 450 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، تا ئێستا تەنیا رێزژەی 10%ـی کارەکانی تەواو بووە.

هەر تەنیا فڕۆکەخانەکە نا، بەڵکو هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری دهۆکیش تەواو نەکراون.

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری کارگێری بە 964ـی وت، تا ئێستا هیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە تا دووبارە دەست بە تەواوکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک بکەین، نازانم تەواو دەکرێت یان نا.

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک به 964ـی وت، هۆکارەکە ئەوەیە ئەو شوێنەی بۆی دابینکراوە رووبەری چوار فڕۆکەخانەیە نەک هی دانەیەک، جگە لەمەش “ئیدارەیەکی تا بڵێی بێسەروبەر و بێ دیراسە سەرپەرشتی پڕۆژکەی دەکرد لە هەمووشی خراپتر ئەو بڕە پارە زورەیەی لێی خەرجکرا و هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

بە قسەی عەبدولسەمەد تێلی بێت، “دهۆک بووەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار، دهۆک وەک پاوانێک حساب دەکرا لەسەر حسابی لایەنێکی سیاسی، لەوانەیە ئەگەر گۆرینێکی سیاسی دروست بێت یان گوڕانکارییەکی گشتی کرا خەونەکەی بادینانیش ببێتە راستی و ببێتە خاوەن فڕۆکەخانە”.

عەبدولسەمەد تێلی، دەشڵێت: ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک چی بکات ئەگەر هیچ بودجەیەکی لەبەر دەست نەبێت، لە 2014ـەوە تا ئێستا بودجەمان نەبینیوە، ئەمە پێویستە لەسەر ئاستی پارێزگار و ئەنجومەنی وەزیران بەوردی ئیشی لەسەر بکرێت”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق