پزیشکەکە هیچ رێگەپێدانێکى کارکردنى نییە

لەبارەى گیانلەدەستدانى کچە 21 ساڵانەکە وەزارەتى تەندروستى بڕیاریدا

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، وردەکاریی مەترسیداری لەبارەی گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن 21 ساڵان لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی (ئەهلی) شاری هەولێر ئاشکرا کرد، کە تێیدا دەردەکەوێت پزیشکەکان بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو هۆڵێکی نەشتەرگەری کە پێشتر لەلایەن حکومەتەوە داخرابوو.

بەپێی بەدواداچوونی مەیدانیی تیمەکانی پشکنینی وەزارەتی تەندروستی کە دوای گیانلەدەستدانی کچەکە ئەنجامدراوە، زنجیرەیەک سەرپێچیی گەورە لەو نەخۆشخانەیەدا کراوە. دەرکەوتووە ئەو پزیشکەی نەشتەرگەرییەکەی کردووە، نەک هەر مۆڵەتی کارکردنی لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە، بەڵکو ناوی لە لیستی پزیشکە رێگەپێدراوەکانی وەزارەتیشدا نەبووە بۆ کارکردن لەو شوێنە.

، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە کە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، هۆڵەکانی نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە بە فەرمی داخراون. بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانەکە، لەگەڵ پزیشکی نەشتەرگەر و پزیشکی سڕکار، بڕیارەکەیان پێشێل کردووە و لە رێگەی “دەرگای نافەرمی و بە شێوازی نایاسایی” چوونەتە ژوورەوە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نەشتەرگەرییەکە وەک دۆخێکی “فریاکەوتن” کراوە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکە بە هیچ شێوەیەک بەشی فریاکەوتنی نییە، تەنانەت هۆڵی چاودێریی چڕیشی (ICU) تێدا نەبووە، ئەمەش راستەوخۆ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشەکە.

لە بەرامبەر ئەم سەرپێچییە گەورانەدا، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا بە پشتبەستن بە یاسای مافی نەخۆش (ژمارە 4ی ساڵی 2020) و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە بە یەکجاری دابخات. هەروەها ئیدارەی نەخۆشخانەکە و سەرجەم ئەو پزیشک و کەسانەی بەشداربوون لەم سەرپێچییەدا، رەوانەی دادگا کراون بۆ ئەوەی سزای توندی یاسایی بدرێن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی تەندروستی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە، سەنتەر و کۆمەڵگە پزیشکییەکانی کەرتی تایبەت کرد، کە دەبێت بە توندی پابەندی مۆڵەتی فەرمی بن و تەنیا ئەو کەسانە کاری تێدا بکەن کە ناویان لە لیستی رێگەپێدراودایە، بەپێچەوانەوە هەر سەرپێچییەک رووبەڕووی داخستن و رێکاری دادگایان دەکاتەوە.