زیاتر لە پێنج هەزار داعشن

لێکۆڵینەوە تەواو بوو دادگایی کردنیان دەستپێدەکات

ئەحمەد مستەفا

دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پێنج هەزار و 704 تۆمەتباری داعشی راگەیاند کە لە شووباتی 2026ـەوە دەستی پێکردبوو.

بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، تۆمەتباران هەڵگری 67 رەگەزنامەی جیاوازن؛ لەنێویاندا 3.497 سووری، 474 عێراقی، جیا لە هاوڵاتییانی 19 وڵاتی ئەورووپی، 16 وڵاتی عەرەبی و 32 وڵاتی دیکەی جیهان.

لێکۆڵینەوەکان چەندین سەرکردەی مەترسیداری ئاستی سەربازی، ئەمنی و راگەیاندنی داعشیان دەستنیشان کردووە، لەنێویاندا شەش تۆمەتباری سەرەکی کە راستەوخۆ تێوەگلاون لە تاوانەکانی رفاندن، گواستنەوە، فرۆشتن و بە کەنیزەکردنی ژنانی ئێزدی.

هاوکات بەهۆی نەسەلماندنی تۆمەتەکان لەسەریان، دوو دەستگیرکراوی فینلەندی و ئەمریکی لەگەڵ حەوت عێراقی ئازاد کراون، هەروەها رێکارەکان لە قۆناغی کۆتاییدان بۆ ئازادکردن و رادەستکردنەوەی 457 دەستگیرکراوی سووری بە وڵاتەکەیان لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێ، تەواوی ماف و گەرەنتییە یاساییەکان بۆ تۆمەتباران دابین کراون، لەوانە دیاریکردنی پارێزەر، ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، هەروەها رێگەدان بە خاچی سووری نێودەوڵەتی و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ سەردانیکردنی دەستگیرکراوان.