پەنجەى تۆمەت بۆ سەنتەرەکانى جوانکارى درێژ دەکرێت
رەنگە ژمارەکە زۆر زیاتر بێت؛ 160 حاڵەتى ئایدز لە بەسرە تۆمارکران
وریا فەتاح
ئامارێکی مەترسیدار لە بەسرە ئاشکرا بوو، 160 کەس لە پارێزگاکە تووشی ڤایرۆسی نەمانی بەرگریی لەش (ئایدز – HIV) بوون، بەرپرسانی تەندروستیش دەڵێن دۆخەکە مەترسیدارترە لەوەی دەیبینین و رەنگە ژمارەی راستەقینەی تووشبووان زۆر لەوە زیاتر بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی تەندروستی بەسرە بەپەلە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و پسپۆڕانی تەندروستی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى ئامارەکانی ئایدز.
نەوفەل مەنسوری، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پارێزگاکە زەنگەکەی لێدا و وتی: “پشکنینەکان دەریاندەخەن 160 کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بەڵام دڵنیایین ژمارەکە زیاترە، چونکە خەڵکێکی زۆر هەن پشکنینیان نەکردووە یان هەر نازانن کە تووش بوون”.
وەک ئەوەی مەنسوری باسی دەکات، ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی سێکسی بێ پارێزەرییەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام مەترسییەکی شاراوەی دیکە هەیە کە بووەتە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، ئەویش “سەنتەرەکانی جوانکارییە”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەو سەنتەرانەی جوانکاری درێژکرد کە مۆڵەتیان نییە و ئامێرەکانیان پیسن، داواش دەکات چاودێرییەکی توند بخرێتە سەر ئەو شوێنانە و بەپەلە دابخرێن بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر نەبنە قوربانی.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، دەسەڵاتدارانی بەسرە بڕیاریانداوە هەڵمەتی پشکنینی پێشوەختە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری چڕتر بکەنەوە، داواش لە هاوڵاتیان دەکرێت مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بگیرێت.