لە دەربەندی رانیە

بۆ بەهاناوەچوون لە حاڵەتە لەناکاوەکان بنکەیەکی بەرگری شارستانی کرایەوە

فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین

بە مەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و بەهاناوەچوونیان لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بنکەیەکی جێگیری لەسەر ئاوی دەربەندی رانیە کردەوە.

کردنەوەی ئەم بنکەیە لە کاتێکدایە، کە ئەمساڵ بەهۆی زۆریی رێژەی ئاو لە دەربەندی رانیە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روویان لە ناوچەکە کردووە. هاوکات بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان لەو ئاوەدا مەلە دەکەن و ژمارەی بەلەمە گەشتیارییەکانیش روویان لە زیادبوون کردووە.

عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964 راگەیاند، ئەرکی سەرەکیی ئەم بنکەیە پاراستن و رزگارکردنی ئەو هاوڵاتیانەیە کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش روو لە دەربەندەکە دەکەن.

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە ئەرکی رزگارکردن، بنکەکە چاودێرییەکی وردی ناوچەکە دەکات و کاری سەرجەم ئەو بەلەمانە رێکدەخاتەوە کە لە ئاوی دەربەندەکەدان، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە سەرکێشییەک و رووداوێکی نەخوازراو بکرێت.

عەلی قادر ئامارێکی ئەمساڵی گیانلەدەستدانی بەهۆی خنکانەوە خستەڕوو و وتی، “لەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین پێنج کەس لە ئاودا خنکاون، توانراویشە تەرمی هەر پێنج کەسەکە بدۆزرێنەوە و دەربهێندرێن”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح