گوندەكانی یاڵانپێ و هانەیقوڵ ئاوەڕۆیان دەوێت
+964
كوردستان ئەحمەد
گوندەكانی یاڵانپێ و هانەیقوڵ لە هەورامان داوای رێڕەوی ئاوی دەكەن بۆ كانیاوەكانی گوندەكەیان بۆ ئەوەی ئاوەكە بگوازنەوە بۆ زەویە بەراوەكانی گوندەكە.
ئەو دوو گوندە پێنج كیلۆمەتر لە ناحیەی خورماڵەوە دورن، لە ناو گوندەكان و بناری چیاكانی نزیك هەردووكیان، ژەمارەیەك كانیاو و سەرچاوەی ئاو هەیە، بەهۆی نەبوونی جۆگەوە ئاوەكە ناگات بە زەویە بەراوەكانی گوندەكە و دانیشتوانەكەی بە زەحمەت ئاوەكە دەگوازنەوە.
باقی محەمەد، ئەنجومەنی گوندی یاڵانپێ، بە 964ی وت، بەناوی تەواوی گوندەكەوە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ كردووە، خەمێك لە ئاوی گوندەكەمان بخۆن، بۆ ئەوەی زەویەكانیان نەفەوتێن و بتوانن ئاو بگەیەننە تەواوی زەوییەكان.
بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی خورماڵ بە ئەنجومەنی گوندەكانی وتووە، ئێستا هیچ پارەیەك لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی كارەكە بكەن، بەڵام لە ئایندەدا هەوڵی جدی دەدەن پارەی بۆ دابین بكەن.
گوندی یاڵانپێ و هانەیقوڵ، دەكەونە بناری شاخی سورێنەوە، دانیشتوانی هەردوو گوندەكە 30 ماڵ دەبن، بەپێی قسەكانی ئەنجومەنی گوندی یاڵانپێبێت، زیاتر لە پانزە كانیاویان هەیە.