ئەمریکا پەل و پۆی چین دەکات

+964
ئەرسەلان عەبدوڵا – هەولێر

کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، هاورده‌كردنی ئامێرە نوێیەکانی کۆمپانیا بەناوبانگەکانی چینی قەدەغە کرد، چونکە ئەو كه‌لوپه‌لانه‌ به‌ مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان ده‌زانن.

ئەو بڕیارە پەیوەندی بە ئامێرە نوێیەکانی پەیوەندیكردن هه‌یه‌، كه‌ کۆمپانیاکانی چین “هواوی و ZTE” به‌رهه‌می ده‌هێنن.

هەر بەپێی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، فرۆشتن یان هاوردەکردنی ئەو ئامێرانە قه‌ده‌غه‌ن کە لەلایەن کۆمپانیای هانگژۆ هیکڤیژن دیجیتاڵ، ژێجیانگ داهوا تەکنەلۆجی و هایتەرا کۆمیونیکەیشنز کۆرپ به‌رهه‌م ده‌هێندرێن.

هۆکاری بڕیارەکە ئەوەیە، ئەمریکا پێیوایە، چین لە رێگەیی ئەو ئامێرانەوە کاری سیخوڕی دەکات.

جێسیکا رۆزنڤۆرسێل، سەرۆکی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “ئەم یاسا نوێیانە، بەشێکی گرنگن لە کارە بەردەوامەکانمان بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا لە هەڕەشەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکان”.

ئەم بڕیارانە کاریگەری لەسەر ١٠ کۆمپانیای دیکەی چینی دەبێت

ئەم بڕیارانە کاریگەری لەسەر ١٠ کۆمپانیای دیکەی چینی دەبێت کە لە ئێستاوە کەوتوونەتە بەر سنووردارکردن، کە رێگرییان لێدەکات لە بازاڕکردن یان بەرهەمهێنان له‌ بازاڕه‌كانی ئه‌مریكا.

ئەمریکا لە مانگی ئاداری ٢٠٢١دا، پێنج کۆمپانیای چینی وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەستنیشان کردبوو، ئەوانیش “هواوی، ZTI، داهوا تەکنەلۆجیا، هیکڤیژن و هایتێرا” بوون.