لە كەمپی باریكە كێشەی كەمیی ئاو هەیە
964+
كوردستان ئەحمەد
دانیشتووانی كەمپی باریكە كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و هاوڵاتیان داوادەكەن كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.
ئیدریس محەمەد، ئاوارەی رۆژھەڵاتە و بە 964ی وت، چەندان ساڵە لە كەمپەكەدا كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و رۆژانە تەنیا دوو كاتژمێر ئاویان دەبێت.
وتیشی، هەندێك جار ئاوەكەیان لێڵ و ناڕوون دەبێت و بە كەڵكی خواردنەوە نایەت و ناتوانن بیكەنە ناو تانكییەوە.
خالید قەیتولی، ئەنجومەنی كەمپی باریكە بۆ 964ی باس کرد، لە سەرەتای دروستبوونی كەمپەكەوە، تا ئێستا كێشەی ئاویان هەیە و چارەسەر ناكرێت، پەنا بۆ هەر بەرپرسێكیش دەبەن، دەڵێن چارەسەر ناكرێت.
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە964 ی وت، لە سەرجەم پارێزگای سلێمانی كێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا كەمپی باریكە و عەربەتیش كێشەیان هەیە، لە هەوڵی جدیدان بۆ ئەوەی كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكەن و ئاو بگاتە دەستی هاوڵاتیان.
كەمپی باریكە پێنج كیلۆمەتر لە ناحیەی عەربەتەوە دوورە و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، 417 خێزانی لە ئاوارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تێدایە، لە ساڵی 2005 دروست کراوە.