هێشتا ئاگرەکەی قادرکەرەم بە تەواوەتی کۆنترۆڵنەکراوە
هۆگر عەدنان
بەرپرسانی ناوخۆیی ناحیەی قادرکەرەم بە 964یان وت، بەشێک لە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەشەکەی دیکەن.
شەش سەعاتە بەهۆی هەورەبروسکەوە ئاگرێکی گەورە لە گوندی نەورۆز و داربەسەرە لە ناحیەی قادرکەرەم کەوتووەتەوە.
ئاگرەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکەی کاتژمێر 6ی ئێوارە، کەوتووەتەوە بەهۆی هەورەبروسکەوە، هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی داوای هاوکاری لە خەڵکی گوندەکان دەکەن.
سەرچاوەیەک لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی قادرکەرەم بەهۆی ئەوەی لێدوانیان لێ قەدەغەکراوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ تۆڕی 964 وتی، “بەهۆی ئەوەی گوندی نەورۆز و داربەسەرە نزیکەی 40 خولەک لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە و رێگەی گوندەکان وەک پێویست نییە و ناخۆشە، بۆیە کەمێک درەنگ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە نەمانتوانیوە کۆنتڕۆلی بکەین و داوا لەهاوڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن”.
حاکم سدیق باوەیی بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بە تۆڕی 964ی وت، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە تا ئێستا نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاوڵاتیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین.