بە ئامانجی سەوزکردنی کوردستان
هەزار نەمامی بەردار دەبەخشڕێتە سەردانیکەرانی فێستیڤاڵی بەروبوومەکانی سۆران
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە چوارەمین فێستیڤاڵی بەروبوومەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەس بەدەست بەتاڵی ناگەڕێتەوە و هەر بەشداربوویەک حەز بکات دەتوانێت نەمامێک لەگەڵ دەستی خۆی بباتەوە.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە هەزار نەمامی بەرداریان دابینکردووە تاوەکو بەبێ بەرامبەر بیدەنە سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە کە بریتین لە گوێز، بادام، هەنار، ترێ، مێو و چەندین میوەی دیکە.
شۆڕش ئیبراهیم، بەڕێوەبەری هۆبەی نەمامگەی باخداری بەرزێوە بە 964ـی وت، “هەر کەس چ نەمامێکی حەز لێ بێت دەتوانێت بێ بەرامبەر بیبات و چەندین جۆری نەمامی بەرداری تێدایە.
شۆڕش ئیبراهیم دەڵێت، “ئامانج لەم هەڵمەتە ئەوەیە هاووڵاتییان زیاتر گرنگی بە بەروبوومی خۆماڵی بدەن و کوردستانیش زیاتر سەوز ببێت.”
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا