لە سنووری كەركوك

هەورەبروسكە 75 دۆنم دەغڵ و گەنمی جووتیارانی سووتاند

964
كاروان ساڵحی – کەرکوک

تا ئێستا لە سنووری شاری كەركوك لە چوار ناوچەدا ئاگر لە دەغڵودانی جووتیاران بەربووە و دەیان دۆنم گەنم سووتاون،  بەشێكی زۆریش لە سووتان رزگار كراون.

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە  18.5.2023 لە گوندەكانی سەر بە قەزا و ناحیەكانی كەركوك، تا ئێستا لە چوار شوێن بە هۆی هەورەبروسكە لە چوار ناوچەی  جیاواز ئاگر لە دەغڵودانی جووتیاران بەربووە، بە پێی زانیارییەكانی 964  تا ئێستا 75 دۆنم زەوی سووتاوە و سەدان دۆنمیش رزگار كراون.

قەیس عەبدولڕەزاق بەڕێوەبەری بنكەی ئاگركوژێنەوەی قەزای داقوق و وتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی كەركوك، بە تۆڕی 964ی وت، بە هۆی هەورەبروسكە ئاگر لە چوار شوێنی جیاواز كەوتووەتەوە، كە پێكهاتوون لە گوندەکانی  حەسەن شەلال، جیرۆكە، سەنكول، هەروەها لە نزیك بازگەی باشوور لە ناوچەی مەلا عەبدوڵا، کە بە هۆیەوە 75 دۆنم دەغڵودان سووتاون و هەمووی گەنم بووە.

وتیشی، “توانیومانە سەدان دۆنم لە سووتان رزگار بكەین”

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا