پارەی پێویستیان نییە

ناحیه‌یه‌كى‌ دهۆك بێ بنكه‌ى ته‌ندروستییه‌

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

ناحیه‌ى سه‌رسه‌نگ بێ بنكه‌ى ته‌ندروستییه ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش پێی باشه‌  ئێستا بودجه‌ى به‌رده‌ستیان بۆ رێگاوبان و كاره‌با و ئاو خه‌رج بكه‌ن و ده‌شڵێت “له‌ پلانماندا نییه‌ بنكه‌ى ته‌ندروستى بكه‌ینه‌وه‌”.

ناحیه‌ى سه‌رسەنگ سه‌ر به‌ قه‌زاى ئامێدیه‌ 41 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى پارێزگاى دهۆك دووره‌، زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌ى سه‌رسەنگ بنكه‌ى ته‌ندروستى لێ نییه‌، له‌ كاتێكدا 14 هه‌زار كه‌سی لێده‌ژی.

له‌ مانگى ئادارى 2012 به‌مه‌به‌ستى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى، بنكه‌ى ته‌ندروستى سه‌رسنگ داخرا، ئه‌و داخرانه‌ى درێژه‌ى كێشا و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ .

له‌ كۆمه‌ڵگاى ئازادى كه‌ دوو كیلۆمه‌تر له‌ ناحیه‌ى سه‌رسەنگه‌وه‌ دووره‌، بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستى هه‌یه‌، هاوڵاتیان به‌ ناچارى سه‌ردانى ئه‌و بنكه‌یه‌ ده‌كه‌ن.

هاوڵاتییه‌كى ناحیه‌ى سه‌رسەنگ به‌ 964ـى وت، ئه‌وان پێیان باشه‌ بنكه‌ى ته‌ندروستى له‌ ناو سه‌نته‌ره‌ى ناحیه‌كه‌یاندا هه‌بێت، پێشنیار ده‌كات “ئه‌و بنكه‌ داخراوه‌ بكرێته‌وه‌”.

ئه‌له‌ند ئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌رسەنگ بۆ 964 رایگه‌یاند، بنكه‌ى ته‌ندروستى ئازادى له‌ ناحیه‌كه‌یان نزیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكی سه‌ردانى بكه‌ن، چونكه‌ ده‌ڵێت “ته‌واوى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانمان له‌وێیه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ ئاشكراى كرد، كه‌ ” ئێستا له‌ پلانماندا نییه‌ بنكه‌ى ته‌ندروستى له‌ سه‌نته‌رى ناحیه‌دا بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ بودجه‌ى پێویستمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌”.

ده‌شڵێت، ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستیانه‌ زیاتر بۆ كارى رێگاوبان و ئاو و كاره‌با و ته‌رخانكراوه‌ چونكه‌ پێیوایه‌ “ئه‌مانه‌ پێویستى سه‌ره‌كین”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن