شارەوانی هەولێر بۆ گەیاندنی خزمەتگوازی بە کەرتی 8ـی حەسارۆک زەوییەکانی دەفرۆشرێت
964+
فەرمان سادق
بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کەرتی 8ـی حەسارۆک، شارەوانی هەولێر زەوییەکانی دەفرۆشێت.
لە 16.9.2022، بە فەرمی یەکەم شەقامی 60 مەتری لەناو کەرتی 8ـی حەسارۆک بە رووی ئۆتۆمبێل کرایەوە کە گەڕەکی 5ـی حەسارۆک بە دووسایدی لاوان دەبەستێتەوە و بەناو زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک تێدەپەڕێت.
شارەوانی هەولێر ئەو دوو سایدەی بە ئاوەڕۆی لولەکی و سندوقی بە گوژمەی شەش ملیار دینار دروستکرد، وەک خۆیان دەڵێن لەسەر داهاتی فرۆشتنی زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک بوو.
لە ئێستادا شارەوانی هەولێر ئامادەکاری کردووە بۆ فرۆشتنی چوار پارچە زەوی دیکە لە کەرتی 8ـی حەسارۆک.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو زەوییانەی بۆ خستنەڕووی ئاشکرا دەستنیشانکراوە بۆ فرۆشتن لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 17.5.2023، مەرج نییە یەکسەر بفرۆشرێن، بەڵکو پێشتریش چەندین پارچە زەوی دیکە خستنەڕووی ئاشکرای بۆ کراوە، بەڵام بەهۆی نەگەیشتن بە نرخی خەملێندراو لەلایەن شارەوانیەوە نەفرۆشراوە.
دەشڵێت: مەبەست لە فرۆشتنی زەوییەکان گەیاندنی خزمەتگوزارییە بە کەرتی 8ـی حەسارۆک.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر باس لە پلانی دروستکردنی دووەم شەقامی 60 مەتری لەناو زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک کە لە پلانی شارەوانی دایە ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت.
وتیشی “ئەگەر بودجەی پێویست بەردەست بێت لە داهاتی شارەوانی کە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات، فرۆشتنی زەوییە، ئەوا دووەم شەقامی 60 مەتری ناو 8ـی حەسارۆک بە دروستکردنی ئاوەڕۆی لولەکی و سندوقی تەواو دەکرێت”.
کەرتی 8ـی حەسارۆک زیاتر لە 16 هەزار پارچە زەوییە و ماوەی زیاتر لە 16 ساڵیش دەبێت زەوییەکانی بەسەر هاوڵاتیان دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزاری بۆ نەبردراوە.