شاشه‌كه‌ی مۆندیال له‌ دهۆك كوژایه‌وه‌

+964
هێڤی دێوالی – دهۆك

ئه‌و شاشه‌ گه‌وره‌ی له‌ پاركی نه‌ورۆزی دهۆك بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كانی مۆندیال دانراوه‌، كوژایه‌وه‌ و وه‌رزشدۆستان له‌ مۆبایله‌کانیانەوه‌ سه‌یری یارییەکانیان كرد.

به‌ هۆی رووداوی ته‌قینه‌وه‌ی سیستمی غاز، كه‌ ئێواره‌ی رۆژیی ٢٢ـی ئه‌م مانگه‌ له‌ دهۆك روویدا و له‌ ئه‌نجامدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداو ٣٧ـی دیکەش بریندار بوون، پارێزگاری دهۆك دوو رۆژ ماته‌مینی له‌ شاره‌كه‌دا راگه‌یاند.

هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ شه‌وی رابردوو وه‌ك هاوخەمییەک بۆ کەسوکاری قوربانیان، شاشه‌ی گه‌وره‌کەی ناو پاركی نه‌ورۆز، كه‌ تایبه‌ت بوو بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ بۆ وه‌رزشدۆستان، كوژێنرایه‌وه‌.

په‌یامنێری 964+ له‌ كاتی كوژاندنه‌وه‌ی شاشه‌كه‌ له‌ پاركه‌كه‌ ئاماده‌بوو، سه‌رنجی دا وه‌رزشدۆستان و حه‌ژێكه‌ری یارییه‌كانی مۆندیال، له‌ رێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ سه‌یری یارییه‌كانی مۆندیالیان ده‌كرد.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢، بە بڕیاری پارێزگاری دهۆك، له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی شاره‌كه‌وه‌ شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌، كه‌ درێژییه‌كه‌ی هه‌شت مه‌تر و به‌رزییه‌كه‌ی سێ مه‌تره‌، له‌ پاركی نه‌ورۆز دانرا.