شانۆی رۆمانی ئامادەکرا بۆ نمایشکردنی چالاکیە هونەرییەکان
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
دوو رۆژە گەنجێکی شاری دهۆک لەگەڵ هاورێیەکی هەستاون بە خاوێنکردنەوە و دووبارە بۆیاخکردنی دیوارەکانی شانۆی رۆمانی.
شوێنی شانۆی رۆمانی دەکەوێتە ناو گەلی دهۆک، ماوەیەک بوو لەجیاتی ئەوەی چالاکی هونەری و شانۆی تیادا نمایشبکرێن وەکو زبڵخانەی لێ هاتبوو.
شانۆی رۆمانی لە سەردەمی پارێزگای پێشووتری دهۆک دروستکراوە و نزیکەی 300 مەترێک دوورە لەبینای پارێزگای دهۆک، لە دوای 2014وە تا ئێستا هیچ چالاکییەکی هونەری لێ ئەنجام نەدراوە.
ئەبۆ هەرکی، یوتووبەرێکی دهۆکە و سەرپەرشتی خاوێنکردنەوە و بۆیاخکردنی شانۆی رومانی دەکات بە964ی وت” شانۆی رۆمانی وەکو زبڵخانەی لێهاتبوو هەروەها زۆر شتی ناشرین لەسەر دیوارەکانی نوسرابوو، لەگەڵ هاورێیەکی خۆم دەستمانکردوە بە خاوێنکردنەوە و دووبارە بۆیاخکردنی شانۆی رۆمانی، تا ئێستا لەسەدا 90 تەواو بووە”.
“تا سبەینێ تەواوی شانۆی رومانی بۆیاخ دەکەینەوە و ئامادە دەبێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە هونەرییەکان و نمایشکردنی شانۆ، جگە لەمەش چەند بلاجکتورێک لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان دادەنرێن تا بە شەوانیش روناک بێت”ئەبۆ هەرکی وای وت”.
ئە و گەنجانە داوا لە خەڵک دەکەن چیتر ئەم شانۆیە پیس نەکەن چونکە ئەمە موڵکی هەموو خەڵکە و هەمووان پێکەوە سوودی لێ وەردەگرن”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی