ئەمساڵ یەک تۆن بنەتۆوی دەبێت

لە سلێمانی جۆیەک بەرهەمدەهێندرێت بەرگەی نەخۆشی دەگرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

هەوڵی بەرهەمهێنانی جۆرە جۆیەک دەدرێت، کە بەرگەی ئەو نەخۆشییانە بگرێت لە کوردستان بۆ ئەو بەرهەمە هەن. بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی دەڵێت، ئەمساڵ دەزانن کارەکە سەرکەوتووە یان نا.

جۆیەکە لە تاقیگەکانی ئیکاردیا و سویدەوە هێندراون و لە سلێمانی، شارەزوور و بنگرد خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.

توێژینەوەکە لەسەر رووبەری کەم کراوە و ئەگەر بێت و سەرکەوتوو بێت، ئەمساڵ یەک تۆن بنەتۆ لەو جۆرە جۆیە ئامادە دەبێت.

ئەریڤان جەلال، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بەرهەمە دانەوێڵەییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە کوردستان بە گشتی کێشەی کەمیی بنەتۆی رەسەن هەیە و لە جۆدا کێشەکە زیاترە، ئەم هەوڵە بۆ دەستخستنی بنەتۆی رەسەن و دانپێدانراوە.

وتیشی، هەریەکە لە جۆرەکانی جۆی سێ ریز و شەش ریز لەژێر لێکۆڵینەوەکەدان و لەو جۆرانەن بەرهەمیان زۆرە و بەرگەی هەموو ئەو نەخۆشیانە دەگرن، کە لە کەشوهەوای کوردستاندا تووشی جۆ دەبێت.