پۆلیسی دارستان وژینگەى گەرمیان:

راوچى بێچووە ئاسکەکانى گەرمیان دەستگیرکران

وریا فەتاح

پۆلیسى گەرمیان سێ راوچى لەسەر راوکردنى 10 بێچووە ئاسکە شیرەخۆرەکان دەستگیرکرد، ئەوەى جێگەى سەرنجە دوو لە راوچییەکان لەو شوێنە دەستگیرکراون کە دوێنێ بێچووە ئاسکەکانیان لێ گەڕاندنەوە بۆ ناوسروشت و باوەشى دایکیان.

پۆلیسى دارستان و ژینگەى گەرمیان بڵاوى کردووە، بە فەرمانى دادوەرى لێکۆڵینەوەى کەلار و بە هاوکارى بنکەی پۆلیسی قۆرەتوو، توانرا یەکێک لەو تۆمەتبارانەی کە راوی 10 بێچوە ئاسکەکانیان کردوو دەستگیری بکەن و فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو تۆمەتبارى دیکەش دەرکرا.

فەرمانەکە هەر تەنیا لەسەر وەرەقە نەبووە، بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قۆرەتوو دوای چاودێری کردن توانیان دوو تۆمەتبارەکەى تریش بە ماتۆڕسکیلەکانیانەوە لەو جێگایە دەستگیربکەن کە دوێنێ بێچووەکانیان لێ ئازاد کردبوو.

چیرۆکەکە ئەوەیە کە 10 بێچووە ئاسکى شیرەخۆرە لەلایەن راوچییەکانەوە راوکرابوون، بەڵام پۆلیس پێى زانین و دەستبەسەرى کردن و دواتر گەڕاندیانەوە بۆ سروشت، بەڵام راوچییەکان کۆڵیان نەداوە و چوونەتە ئەو شوێنەى کە بێچووەکانى لێ ئازاد کراون و ویستویانە راویان بکەنەوە.