راگەیەنراوی وڵاتە نێوەندگیرەکان وادەڵێت:

ئێران و ئەمریکا لەسەر نەخشە رێگایەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی رێککەوتن

شۆڕش قادری

دواجار ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا رێککەوتن.

پاکستان و قەتەر وەک دوو وڵاتی نێوەندگیر لە دانوستانەکانی سویسرا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویانکردەوە، هەردوو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە بەرپرسیارێتی چاودێریکردنی پڕۆسەی دانوستانەکانی لەئەستۆیە، رێککەوتوون، لیژنەکەش رەزامەند بووە لە ماوەی 60 رۆژدا کار لەسەر نەخشە رێگایەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بکات.

هەر لەو ماوەیەدا هێڵێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکان دروست دەبێت بۆ ئەوەی رێگری لە سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان و لێکتێنەگەیشتن بکات و گەرەنتی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەستەبەر دەکات.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکەی پاکستان و قەتەر گفتوگۆکان لەسەر بابەتە تەکنیکییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە بۆرگن شتۆک بەردەوام دەبن.

عێراقچی: بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازاد کرا و پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران جێبەجێکرا

هاوکات عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، “نێوەندگیری بووە هۆی پێشکەوتنی گەورە بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان، جگە لەوەش سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت و پیترۆکیمیایی راگیرا و گەمارۆی دەریایی هەڵگیرا، بەشێک لە سەروەت و سامانی بلۆککراو ئازادکرا و پلانی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران جێبەجێکرا”.

دوێنێ یەکشەممە 21.6.2026 دانیشتنی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان و قەتەر دوای ماوەیەکی زۆر و بە دڕدۆنگییەوە لە بۆرگن شتۆکی سویسرا بەڕێوەچووە، دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆ و دانوستان وابڵاوکرایەوە کە شاندی دانوستانکاری ئێران لە دوایین لێداونەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و هەڕەشەکانی بۆ سەر تاران توڕەبوون و کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە، بەڵام دوای چەند ساتێک بێ دەنگی، هەر دوو وڵاتی پاکستان و قەتەر ئەو راگەیەنراوەیان لەسەر ئەنجامی دانیشتنەکە بڵاوکردەوە.