چاککردنی شەقامی هەواری شار بە ئاراستەی تونێلی پێشڕەو لە سلێمانی. فۆتۆ: شارەوانی سلێمانی
ئەمڕۆ کار ناکرێت
بە قیر چاڵ و چۆڵی شەقامەکانی سلێمانی پڕدەکرێنەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
شەقامی هەواری شار بە ئاراستەی تونێلی پێشڕەو لە سلێمانی نۆژەنکرایەوە و چاڵ و چۆڵییەکانی بە قیر پڕکرانەوە، شەقامی بەردەم تێرمیناڵی شارەزووریش قیر دەکرێت.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی راگەیاند، لە رێکەوتی 25.4.2023ـەوە نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان دەستیپێكردەوە و دوو تیم نۆژەنكردنەوە دەكەن و تیمێک كاری بڕین دەكات.
ئەمڕۆ بە بۆنەی رۆژی کرێکارانەوە، هیچ شەقامێک کاری تێدا ناکرێت، زەردەشت رەفیق وای وت.
بە پێی راگەیەندراوێکی شارەوانیی سلێمانی، “ساڵانە لە دوای وەرزی بارانبارین بەپێی بەرنامەیەك هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان دەستپێدەكەن، لەو چوارچێوەیەدا لە رێكەوتی 25.4.2023 هەڵمەتەكەمان لە شەقامە سەرەكییەكانەوە دەستپێكردوە و پاشان بۆ شەقامە لاوەكییەكان و دواتر گەڕەك و كۆڵانەكان”.
بە وتەی زەردەشت رەفیق، خەرجی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی شەقامەکان لە داهاتی 15٪ـی شارەوانی سلێمانی دابین دەکرێت.
جگە لە شەقامی هەواری شار بەرەو تونێلی پێشڕەو، شارەوانی سلێمانی شەقامی بەردەم تێرمیناڵی شارەزوور بۆ فلكەی دەستاڕەكە قیردەکات و چاککردنی بۆ دەکات.