خانەوادەکانیان ئامادە نابن
سبەی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژی دکتۆر کاوان و دکتۆر ئیدریس بەڕێوەدەچێت
964+
فەرمان سادق
دوای 10 مانگ بەسەر کوژرانیان، تۆمەتباری بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆ دەهێندرێتە بەردەم دادگا.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 30.4.2023، یەکەم دانیشتنی دادگایی بکوژی دکتۆر کەیوان ئیسماعیل، راگری کۆلیژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و دکتۆر ئیدریس حەمەخان.
رووداوی کوشتنی ئەو دوو مامۆستایەی زانکۆ لە 28.6.2022 روویدا، بکوژ سەرەتا هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی دکتۆر ئیدریس حەمەخان، لە ماڵەکەی خۆیدا لەسەر بان دەیکوژێت، دواتر دەچێتە کۆلیژی یاسا و دەستڕێژی گولە لە دکتۆر کەیوان دەکات و پێنج گولەی بەردەکەوێت و بەهۆیەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.
رووداوەکە بەوە بەسترایەوە کە بکوژ کە خۆی خوێندکاری بەشی یاسا بووە لە زانکۆی سۆران، ویستوویەتی خۆی بگوازێتەوە بۆ سەر بەشی یاسا لە کۆلیژی یاسای سەر بە زانکۆی سەلاحەدین، بەڵام دکتۆر کاوان وەری نەگرتووە، لەسەر ئەو پرسە بووەتە ناخۆشی لەنێوانیان.
هاوکات پێوەندی بە دکتۆر ئیدریس حەمەخان، بکوژ کە خوێندکار بووە لە زانکۆی سۆران لەگەڵ هاوژینی دکتۆر ئیدریس کە ناوی مامۆستا نیشتمانە، کێشەیان هەبووە.
هەر ئەو رۆژەی تێیدا دکتۆر کاوان ئیسماعیل کوژرا، هەمان رۆژی یەکەم بەڕێوەچوونی دادگایی کێشەی نێوان دکتۆر کاوان و بکوژ بووە.
برزۆ قوڕشاغلۆیی، پارێزەری هاوژینی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆ بە 964ـی وت، سبەی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگاییەکەیە و پێشبینی ئەوەش دەکەین دادگاییەکە دوابخرێت.
بکوژ، کە دوای رووداوەکە دەستگیرکراو، ماوەی 10 مانگە لە بەندیخانەیە، هاوکات باوکیشی لەسەر سکاڵای هاوژینی دکتۆر ئیدریس، بەهەمان شێوە نزیکەی هەشت مانگە گیراوە.
برزۆ قوڕشاغلۆیی دەشڵێت: ئاگاداری تەواوی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەین لە رووداوەکە، لە تەواوی پڕۆسەکە رازین و هیچ گوشارێک بۆ بەلاڕێدا بردنی دۆسیەکە نەبووە.
بە قسەی پارێزەرەکە بێت، بە تۆمەتی هاندان سکاڵا لەسەر باوکی بکوژ تۆمار کراوە، بەڵام ئەو دانی بە هیچ تاوانێک نەناوە کە ئاڕاستەی کراوە، ئەمەش بە پێچەوانەی بکوژ کە دانی بە هەموو شتێک ناوە و هەرزووش رەوانەی لیژنەی پزیشکی کراوە و دەرکەوتووە کەسێکە هۆشی لە جێگەی خۆیەتی و نەخۆشی دەروونی یان هیچ نەخۆشییەکەی دیکەی نییە کە کاریگەری بەسەر رەفتار و هەڵسوکەوتی بکات.
دکتۆر کاوان ئیسماعیل راگری کۆلیژی یاسا بوو، هەروەها دکتۆر ئیدریس حەمەخان مامۆستا لە کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی سەلاحەددین.