باسکەی سامەرا بە شەش یاریزانی کوردەوە ئامادەکاریی دەکات

+964

یادگار محەمەد

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی باسکەی یانە پلە یەکەکانی عێراق، تیپی باسکەی یانەی سامەرا گرێبەستی لەگەڵ شەش یاریزانی کورد واژوو کرد.

دابان قاسم یەکێک لە یاریزانەکانی شاری سلێمانییه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی سامه‌ڕا كردووه‌.

ئه‌و سەبارەت بە ئامادەکارییان لەگەڵ یانەی سامەڕا بۆ خولی باسكه‌ی عێراق، به‌ تۆڕی 964ی وت، ماوەی 3 ساڵە لە ریزی یانەی سامەرا یاریی دەکەم و ئەمساڵیش گرێبەستم نوێ کردەوە، هۆکاری هاتنیشم بۆ ئەم یانەیە نەبوونی تیپێکی باسکەی پێشکەوتووانە لە شاری سلێمانی.

وتیشی: “بۆ وەرزی ئەمساڵ یانەی سامەرا تیپێکی تۆکمەی دروستکردووە و هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە بتوانین یارمەتی یانەی سامەڕا بدەین، تا بیگەیەنین بە ریزی یانە پلە نایابەکانی عێراق”.

بۆ وەرزی نوێی خولی باسکەی یانە پلە یەکەکانی عێراق، یانەی سامەڕا لە کۆمەڵەی دووەم شان بەشانی هەریەک لە یانەکانی “حەبانییە، وەحدە، ئیمام موتەقین و نوعمانییە” یاریی دەکات و رکابەرییەکانی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ دەستپێدەکات.

سامه‌ڕا گرێبه‌ستی لەگەڵ شه‌ش یاریزانی كورد كردووه‌، ئه‌وانیش “دابان قاسم، محەمەد جەبار” لە شاری سلێمانی، “کەیهان سیروان و رەزوان شاکر” لە شاری هەولێر و “قوسەی جاسم و ئەیمەن نزار” لە شاری دهۆک.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا