دوای پێنج رۆژ
کێشەی کارەبا لە چەند گەڕەکێکی هەولێر چارەسەرکرا
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی گواستەوەی کارەبای هەولێر رایگەیاند، پاش پێنج رۆژ کێشەی کارەبای ئەو گەڕەکانەیان چارەسەرکرد کە کارەبایان پچڕابوو.
لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی کارەبای هەولێر دەڵێت: ئەمڕۆ هەیینی پاش پێنج رۆژ لە پچڕانی کارەبا لەسەر هاوبەشانی کارەبا لە وێستگەی 132 کەی ڤی نوسەران، بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانمان کێشەکەیان چارەسەر کرد و بە سەرکەوتوویی سەرجەم فیدەرەکانی وێستگەری نووسەران هەڵکرانەوە.
پێشتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری چاکسازییەوە 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤی پاڵەپەستۆی بەرز زیانیان بەرکەوتوو و بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە وێستگەکانی نووسەران و پاڕک لە هەولێر، بەمەش نزیتکەی 72 هەزار هاوڵاتی رووبەڕووی پچرانی کارەبا بوونەوە.
دانیشتوانی گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیار، سەڵاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد لەو ماوەیەدا کارەبایان پچڕابوو.