یەکێکیان لە توالێتدا دەستگیرکرا
پۆلیسی سەڵاحەدین دوو کەسی بەتۆمەتی دزینی پارە و 80 بتڵ غاز دەستگیرکرد
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین دوو تۆمەتبارییان دەستگیرکرد کە بڕەپارەیەکی زۆر و 80 بتڵ غازیان لە هاوڵاتییان دزیبوو.
موقەدەم فەلاح حەسەن، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تکریت بە 964ـی راگەیاند، “دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییەکەوە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی “911”ـەوە کرا، دەستبەجێ هێزەکانی بەرەنگاربونەوەی تاوان کەوتنەخۆ و دوای بەدواداچونێکی ورد شوێنی یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان لەگەڕەکی دیوم لە تکریت دەستنیشان کرد.”
موقەدەم فەلاح حەسەن وتیشی: هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان لەناو توالێتی ماڵەکەیدا دەستگیرکردووە و پاش ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا نا، لە ئەنجامدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیرکرا.
“تۆمەتباران لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوە داناوە جگە لەوەی لەماوەی چەند رۆژێکی کەم بڕە پارەیەکی زۆریان لەناو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییاندا بردووە، بڕی 80 بتڵ غازیشیان دزیوە و ئێستا هەردوو تۆمەتبار بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون،” موقەدەم فەلاح وای وت.
پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا