کێشەی ئاوی خواردنەوە لە ڕواندز چارەسەر دەکرێت - وێنە: وەزارەتی شارەوانی
پارەی بۆ دابین کرا
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان نزیکە لە تەواو بوون
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قۆناغی دووەمی پڕۆژەی راکێشانی تۆڕی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز، بە گوژمەی یەک ملیار دینار، بەردەوامە و زیاتر لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەت، پڕۆژەکە لە چوارچێوەی بودجەی پەرەپێدانی وەزارەت جێبەجێ دەکرێ و ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ دانیشتووانی ناوچەکەیە، بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی کەم بکرێتەوە.
هەروەها، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانە و بەپێی پلانی راگەیەنراو، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بێت و بخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانی ناوچەکە.