بەشێک لەو باڵندانەی کە لە باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلان مرداربوونەتەوە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
نزیکەی 100 باڵندە مرداربوونەتەوە
چاڤیلاند: باڵندەکانمان بەهۆی تینوێتی و برسێتی مردار نەبوونەتەوە
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی 100 باڵندەی باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاند مرداربوونەتەوە و بەڕێوەبەری باخچەکەش دەڵێت هۆکارەکەی تینوێتی و برسێتی باڵندەکان نەبووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 26.4.2023، چەند وێنەیەک بڵاوکرانەوە، کە مردنی باڵندەکانی باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاند دەردەخەن و تۆڕی 964 بەدواداچوونی بۆ کرد.
باکۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی باخچەی ئاژەڵانی چاڤیلاند بە 964ی راگەیاند، لە چەند پەیجێک بڵاوبووەتەوە گوایە ژمارەیەک باڵندە بەهۆی تینوێتی و برسێتییەوە مرداربوونەتەوە، بەڵام راست نییە و هۆکاری سەرەکی مرداربوونەوەی ئەو باڵندانە ئەوەیە کە هاوڵاتییەکی زۆر باڵندەکان دەگرن و پێیان پێدا دەنێن بە تایبەت منداڵەکان، بۆیە مردوون.
دەشڵێت، مرداربوونەوەی بەشێکیان بەهۆی ئەو بارانە زۆرەوە بووە کە لە ماوەی رابردوودا رووی لە هەرێم کرد و بەرگەیان نەگرتووە و تا ئێستا نزیکەی 100 باڵندە مرداربوونەتەوە.
ماڵی باڵندەکان پڕۆژەیەکی نوێیە لە چاڤیلاند کراوەتەوە، ژمارەی باڵندەکان نزیکەی دە هەزارە و زیاتر لە 20 جۆری جیاوازن و لە ئێران و بەغدا و ناو کوردستانیشەوە هێندراون.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر